نووسەر · گۆتنبۆرگ
وتار و بیرکردنەوە دەربارەی خێزان، کار، یاد و ژیانێک کە لە نێوان کوردستان و سویددا هەلگیرێت، بە کوردیی سۆرانی.
دیار
سۆرانی
زمانی نووسین
گۆتنبۆرگ
ماڵی ئێستا
دەربارەی نووسەر
شوان حەسەن بە کوردیی سۆرانی نووسینێکی کورت و کەسی دەنووسێت. نووسینەکانی لە شتێکی بچووکەوە دەستپێدەکەن، وەک قسەکردن لەگەڵ کچەکانی یان یادەوەرییەک لە دوکانی داربەندیی برای، و دەگەنه مانایەکی گەورەتر دەربارەی کار و هەستی سەر بە شوێنێک بوون و تەمەن لە دووری ماڵ.
نووسینە نوێکانی بۆ زیاتر لە دوو هەزار شوێنکەوتوو دەگەن و خوێنەران لە کۆمێنتەکاندا وەڵامی دەدەنەوە. ئەم ماڵپەړە کتێب و وتار و سەرچاوەکانی ئیلهام لە یەک شوێن کۆدەکاتەوە.
کتێبەکان
کتێبەکانی لێرە کۆدەکرێنەوە، هەریەکە لەگەڵ بەرگ و وەسفێکی کورت و بەستەرێک بۆ کڕین یان خوێندنەوە.
شوان حەسەن
بەم زووانە
نووسینی نوێ
ئەو نووسینانەی سەرەتا لە فەیسبووک بڵاوکراونەتەوە. هەر وتارێکی نوێ سەرەتا لەوێ دەردەکەوێت و کۆمێنتی خوێنەران لە ژێریەتی.
وتار · خێزان و کار
هەردوو کچەکەمان کار دەکەن؛ بێگومان ئەمە باشە و مایەی خۆشحاڵییە کە کاریان هەیە، بەڵام کاتێک دەڵێن “زۆر ماندووین”، ڕاستییەکەی جەرگم ژان دەکات.
ئەو کاتەی لە کوردستان بووم، بەهۆی ئەوەی برا گەورەکەم وەستایەکی ناسراوی داربەندیی (نەجاڕ) بوو، کارپەیداکردن بۆ من ئاسان بوو. ئەو نەک هەر وەستایەکی لێهاتوو بوو، بەڵکوو زۆریش دڵسۆز بوو؛ بۆ نموونە ئەگەر پێویستی بە پارچەدارێک بووایە، تا داری شکاو و بەکارهاتووی هەبووایە، داری ساغی نەدەبڕییەوە.
کاتێک کچەکانمان باسی ماندووبوونی خۆیان دەکەن، منیش ڕابردووی خۆم بیر دەکەوێتەوە؛ ئەوکات دوای کار یەکسەر حەمامێکم دەکرد و دەچوومە دەرەوە، شەوانیش درەنگ دەخەوتم و بەیانیان زۆر بە زەحمەت لە خەو هەڵدەستام.
داربەندەکان ئەگەر باران ببارێت ناچنە سەر کار. چەند جارێک دایکم دڵی پێم دەسوتا و دەیگوت: “لەوانەیە ببارێت، مەچۆ بۆ ئیش.” ئەگەر بارانیش نەباریبایە، بۆ ڕۆژی دواتر لەسەر کار گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیانگوت: “خۆزگە دایکی ئێمەش ئاوا شارەزای کەشوهەوا بووایە!”
بەڵام ئێستا کە خۆم بوومەتە باوک، لە هەستی دایکم تێدەگەم؛ دڵی نەدەهات منێکی ماندوو و هیلاک ببینێت. بۆیە منیش کاتێک منداڵەکانمان وا دەڵێن، لە خەفەتاندا نازانم چی بکەم؛ چونکە نەچوونیان بۆ سەر کار چارەسەر نییە، بۆ ئەوەی دەرەقەتی ئەم ژیانە بێیت، چونکە ژیان بۆ ئەوەی بە خۆشی تێیدا بژیت، گرنگە مرۆڤێکی چالاک بیت.
وتار
لە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکانی هەندێک لە نووسەر و ئەدیبان تێبینی ئەوەم کردیە، بە مەبەست بابەتی شارچیەتی دەوروژێنن ،هۆیە سەرەکیەکەش ئەوەیە بازاڕی پێ گەرم دەکەن، ئەگینیا باوەڕ ناکەم لە چەمکی شار گەیشت بن، ئەوان شار وا پێناسە دەکەن کەوا نەگۆڕە و کۆمەڵێک نەریت و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەو نەریت و تایبەتمەندیانەش وا دەکەن جیاوازییەکان زۆر زەق و گەورەبن.
لە کاتێکدا ڕاستیەکەی ئەوەیە شار شوێنە، بەگوێرەی بارودۆخەکەی گەشەدەکات، جا بە هەر هۆکارێک بێت سیاسی، ئابووری ، جوگرافی و کۆمەڵایەتی.
جا سەیرەکە لەوە دایە ئەو خوێندنەوە سادە و خاکییەی ئەو جۆرە نووسەر و ئەدیبانە ئێستاکێ بۆ گوندەکانیش ناگونجێن، هەر جارێک کە دەگەڕێمەوە نیشتمان سەردانی کۆمەڵێک گوند دەکەم، ڕێژەی کەمی دانیشتوانی پێشوو، تێکەڵیبوونی گوند لەگەڵ کۆگاکان و چەندان کارگەی بچوکی وە بەرهەمهێنان کە لە شار ساغ دەکرێنەوە، بە تەواوی ژیانی گوندی گۆڕیە. بەشێک له گوندەکان شوێنە کۆنەکانیشیان گواستۆتەوە.
جا وەرە بڕۆ نێو شارەکان، ڕێژی دانیشوانە کۆنەکەی زۆر زۆر کەمتر لەوانەی هەنووکە لێی نیشتەجێن، خۆی لێرەوە چەمکی شار لە دایک دەبێت، چونکی چەمکی هاوڵاتیبوون لە دایک دەبێت، بۆ نموونە چۆن ئەمن لە شارێکی وڵاتی (سوید) هاوڵاتیم، ئەوها لەشارێکی ( کوردستان)یش ، ناکرێت لە نیشتمانەکەی خۆم هاوڵاتیەکی ڕەسەن بم و لە سویدیش ناڕەسەن و نامۆ.
بە کورتیەکەی شارستانیەت واتە تێکەڵاوبوون و سوود وەرگرتن لە کلتورەکانی دیکە، بۆیه ئەمن بۆخۆم گاڵتەم بە هەندێک لێکدانەوە دێت لە ئێستادا، چونکە خاڵە جیاوازییەکان بوون بە خاڵی هاوبەش و خاڵە هاوبەشەکانیش هەموو دانیشتووانی شار بوون بە خاوەنی. ئەوەی نامۆیە لە شارەکە یاخود لە شوێنەکە خودی ئەو هاوڵاتیەیه کە خۆی لەگەڵ کەشوهەوای شوێنەکە ناگونجێنێ.
لەیەکێک لە سەردانەکانم بۆ نیشتمان، لەگەڵ ئازیزێک بڕیارمان دا لەیەکێک لە چێشتخانەکانی شار (هەولێر)نانێک پێکەوە بخۆین، لێ لە بیرمان نەبوو کە چێشتخانەکانی شار لە ڕۆژانی هەینی دا دەخرێن، بە هۆی ئەوەی هەولێریەکان هەر لە کۆنەوە ڕۆژی هەینیان بۆ کۆبوونەوەی خێزان دانایە نازانم لە شارەکانی دیکە چ ڕۆژێک دا دەخەن؟ دیارە ئەوە نەریتە دەکرێت لە شارێکی دیکە ڕۆژانی هەینی دا بندرێت بۆ نانخواردنی خێزانە لە دەرەوە، وەکوو دەزانن نەریت نابێت بە پێوەرێک بۆ نیشاندانی باشی شارێک لەگەڵ شارێک دیکە، ئیتر ئەوە نەریتە لەو شارە، لێ بە هۆی هاتنی ئەو هەموو خەڵکە بۆ هەولێر جا بە هەر هۆکارێک بێت، هەندێک لەو نەریتانە دەگۆڕدرێن، بۆیە ئەو ڕۆژە (هەینی) لەگەڵ هاوڕێیەکەم چووینە چێشتخانەیەکی کوردانی باکوور( هەندێک کەس پێی دەڵێن تورکی) بێ گومان ئەمن سوپاسگوزار بووم کە ئەوان ئەو دەرفەتەیان قۆزتبۆووە.
وەک باسمان کرد، کاتێک شار دەگاتە قۆناغی گەورەبوون و پەرەسەندن، هێشتنەوەی نەریتە کۆنەکان بە زۆرهێشتنەوە لەوانەیە ببێتە ڕێگر لەبەردەم گەشەکردنی کلتوری و ئابووری. ڕەسەنایەتیی ڕاستەقینەی شاری مۆدێرن لەوەدایە کە چەندە دەتوانێت کراوە بێت بە ڕووی نوێبوونەوەدا، نەک ئەوەی چەندە پابەندە بە ڕابردووەوە.
بۆیە بەلاتەوە ئاسایی و باش بێت کە دەوڵەمەندێک لە دەرەوەی شارەکەی تۆوە دێت ئەو نەریتە دەشکێنێت، ئەو بۆ خۆی ئەو بۆشاییە دەقۆزتەوە و بتەوێت و نەتەوێت خزمەتی شارەکەت دەکات، چونکە دڵی گەشتیارەکانت ڕازی دەکات. کەواتە وردە وردە جیاوازیەکان کاڵ دەبنەوە و خاڵە هاوبەشەکان شوێن بۆخۆیان خۆش دەکەن. ئیتر ئەو خوێندنەوانەش کاتیان بەسەر دەچێت، جیاوازی نێوان ئێمە و ئەوان کاڵتر و کاڵتر دەبێتەوە، پێویست ناکات هێندە کار لەسەر ئەو جیاوازییانە بە پیرۆز بکرێن.
هەر بۆ بە بیر هاتنەوە، سویدیەکان نەریتێکیان هەیە کە ئەمن زۆرم پێ ناشیرینە. لەو کاتەی منداڵێک کە هاوڕێ منداڵەکەیانە دەچێتە ماڵیان، لە کاتی نانخواردن چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کەی خێزانەکەی ئەو منداڵە دێت بیباتەوە، چونکە ئەوان ئەگەر سێ کەس بن، ئەوە نانیان تەنیا بۆ سێ کەس ئامادەکرووە، بۆیە لە هەندێک خێزان بەلایانەوە ئاساییە تەلەفۆن بۆ کەسوکاری منداڵەکە بکەن بێت منداڵەکە بباتەوە، چونکە دەیانەوێت نان بخۆن، ساکینە کە ڕۆژنامەننووسێکی دیارە دەڵێت” کچەکەی خۆیان برد و ئەمنیان بە تەنیا لە ژووری یاریکردن جێ هێشت بۆ خۆیان پێکەوەنانیان دەخوارد” بەڵام بەشێک لە سویدیەکان هەستیان کرد ئەوە نەریتێکی زۆز ناشیرینە و تێکیان دا.
ئەو نەریتەی سویدی پێی دەگوترێت(Swedengate) لە بنەڕەتدا وەک جۆرێک لە ڕەخنەی توند، گاڵتەجاڕی و سووکایەتیپێکردن بەو کلتوورەی سوید لە ئینتەرنێتدا هاشتاگی [ Swedengate ] بەکار هات، خەڵکی لە سەرانسەری جیھانەوە (بەتایبەت لە کلتوورە ڕۆژھەڵاتییەکان، ئەفریقییەکان و ئەمریکای لاتین کە میوانداری بە پیرۆز دەزانن) ئەم نەریتەیان بە “ڕەزیلی”، “بێبەزەیی” و “ساردوسڕی کۆمەڵایەتی” ناوبرد. بۆیە کاتێک پاشگری “gate” (کە بۆ فەزیحە گەورەکان بەکاردێت) خرایە پاڵ ناوی سوید، مەبەست لێی نیشاندانی تێڕوانینێکی زۆر نەرێنی بوو بەرامبەر بەو ڕەفتارە ، لێ ئێستا بە هۆی تێکەڵاوبوون تاڕادەیەک ئەو دیاردەیە بووە بە حالەت، وەکوو گوتم فرەوانبوونی شار دنیایەک گۆڕانکاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.ئێمە مرۆڤین هەموو کات خاڵی هاوبەشمان زۆرترە لە خاڵە جیاوازەکان، شەرمە بە جددی هێندەی ئەو بابەتانە دەوروژێنن، تێکردنی پیاز لە فاسولیا پێوەندی بە زەوقەوە هەیە نەوەکوو پێشکەوتن و دواکەوتن.
دوا قسەم، میللەتێکی بەدبەخت و پەرتوبڵاو، هێندەی گرنگی بە خاڵە جیاوازەکان دە دات، نیو ئەوەندە گرنگی بە خاڵە هاوبەشەکان نادات.
تێبینی : قسەکردنم لەسەرچەمکی شار و فرەوانبوونی پێوەندی بە هاتنی عەرەب نییە، بەڵکوو وشیاری بە شاربوونە، چونکە ئێمە هەتا ئێستا نە ئەوانەی پێکەوە دەژین، کە لە نەتەوە و ئاینی جیان، وەهەروەها نە ئەوانەی لە دەوربەری شارەکان دەژین و دێنە ناو شار نەمانتوانیە یەکتر قبوڵ بکەین، کە جوگرافیا و مێژووی هاوبەش کۆیکردوینەتەوە، چۆن دەتوانین خەڵکانی دەرەوەی ئەو سنوورە قبوڵ بکەین
هۆنراوە
که دهڕۆیشتین ڕێگام دهخوێندهوه
بۆنی باران و نانی لێدههات
ههزاران پێ کوتابوویان
گهر باران نهبێ
هیچ لاپهڕهیهکی ڕێگات پێ ههلنادرێتهوه
شوێن پێیهکان یهکتر بزردهکهن
◆
ڕووناکی سێبهری ههنگاوهکانمی دهکوژاندهوه
بهر لهوهی تۆ ماچ بکهم
شوێنهوارم جێ نهدههێشت
که وێڵی
ڕێگای دۆزیهوه
هێنده هیلاک ببوو
قوچهکێکی کردو خهوت
◆
درهختێک بۆ قومێک ئاو دهچهمایهوه
سهر ڕێگا
سێبهریش کهسکایی دهدزی و
به شهویش له سهر گازهرهی پشت
لێی ڕادهکشا
◆
ههموو بهیانیهک ڕێگا
پۆستی بۆ ئهو مالانه دهبرد
که ناونیشانیان به جێ هێشتبوو
ئهوانیش دهستیان دهگرتوو
له جۆگهلهکان دهیان پهڕاندهوه
◆
ئهوانهی له سهر ڕێگا
دهمرن
له دلۆپهکانی سهرابا دهبن بهناونیشان
له مرۆڤ بوونا دهبن بهکرم
◆
٢٠٠٧ گوڵهبهڕۆژهی له پهرچهمی ڕێگادابوو
قاندرمهی خستبووه ژێر تیشکی ڕۆژ
قریوهیی بۆ جوانی لێ دهدا
دهبینن چۆن بۆ یهک دهچهمێنهوهو
تێک دهئاڵێن
ئێستاتیکا به فێنکی گیرفانهکانی پڕ له گوڵهبهڕۆژه دهکردو
بهدهم ئاوابوونا دهیقرتاند
◆
له ساڵ یادی له دایک بوونی زهوی
ساماڵی زیوین
قژی ڕێگاکانی تاڵ تاڵ ڕهنگ دهکرد
◆
ڕێگا پڕ دهبوو
لهگهنم و ئاو
که قیڕ هات
قاچی چۆلهکهکانی داغ کرد
لهو ڕۆژهوه
ڕێگا مرد
ئاسمان چیتر
ملوانکهو
بازنهی وهک دیاری
بۆ زهوی نهنارد
ئیلهام
خێزان
کچان، دایک و باوک و نیگەرانییە بچووکەکانی ئەوان.
کار
شکۆی پیشە و بەهاکەی بۆ ئەوانەی دەیکەن.
یاد
وەرشە و شەقام و دەنگەکانی کوردستان، نزیک لە دڵ.
ژیان لە دەرەوە
دروستکردنی ماڵێک لە سوید بەبێ لەبیرکردنی یەکەمین ماڵ.